(شارى چاڤى گەشتیاریى) یەکێکى ترە لەپرۆژە ناوازە و گرنگەکانى کۆمپانیاى نالیا، کە لەسەر رووبەرى (750.000 م2) زەوى و بەبودجەى (200) ملیۆن دۆلار  لەبنارى شاخى گۆیژەى شارى سلێمانى دروست دەکرێت.

ئەم پرۆژەیە لە بەروارى (1/2/2010) دەستکراوە بەکارکردن تیایدا و بڕیارە لەماوەى دوو ساڵ و نیودا تەواو بکرێت و ببێتە یەکێک لە ناوازەترین و گەورەترین پرۆژەى گەشتیاریى لەئاستى عێراق و رۆژهەڵاتى ناوەراست.

ئەوەى ئەم پرۆژەیە لەزۆربەى ئەو پرۆژە گەشتیاریانەى تر جیادەکاتەوە کە تائێستا لەناوچەکەدا هەن، کۆمەڵێک تایبەتمەندییە کەپێکەوە ناوازەیى پرۆژەکە دەردەخەن، لەوانەش: گەورەیى روبەرى پرۆژەکە و شوێنى جوگرافیى و جوانى دیزاین و جۆراوجۆریى بەشەکانى پرۆژەکە، کە زۆربەى ئەو مەیدان و بوارە گەشتیارییانە دەگرێتە خۆى کە لەدونیاى گەشتیاریى هاوچەرخدا باوە و تائێستا لەزۆربەى وڵاتانى دراوسێ نەکراوە.

ئه‌وه‌ى سه‌رسامتان ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لە نێو پرۆژەکەدا چەندین چالاکى تیادایه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ ناوچه‌كه‌ نییه‌ لەوانە بەرزترین یارى کورسى کورسى لە ناوچەکەدا کە تەبرید و چەندین تایبەتمەندى ترى بەشێوەیەکى مۆدێرن بۆ دانراوە.. دروستکردنى فوارەیەکى گەورە لە سەر روبەرى 4000 مەتر دوجا و بەرزى 30 مەتر، لە نێو ئەم فوالەیەدا نمایشى لەیزەر هەیە کە ئەمە تائێستا لەفوارەکەى (لاس فیگاز)ى ئەمریکى نەکراوە و دەبێتە یەکێک لە سەرنجراکێشترین فوارەى ئەم ناوچەیە و جیهان، هه‌وره‌ها بوونى ده‌ریاچه‌یه‌كى ئاو و شەلالێکى گەورەى ئاو كه‌ لەبەرزى 20 مەتر دێتە خوارەوە.

هەر لەنێو پرۆژەکەدا یارى سکەتلمەوت هەیە، کە بەرزترین یارى سکەتلمەوت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا 34 مەترە بەڵام ئەوەى شارى چاڤى گەشتیاریى 36 مەترە.

جگە لە یارییە کراوەکان کە ژمارەیان نزیکەى 30 یارى دەبێت، دەیان یارى تریش لە نێو هۆڵێکى داخراوى گەورە بە روبەرى 6000 مەتر دوجا هەیە کەبەرزى ئەم هۆڵە 26 مەترە و تیایدا یارى سکەتلمەوتێکى گەورە و چەندین یارى ڤیدۆ گەیم و یارى ترى تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان له‌ زستاندا بتوانن سه‌ردانى ئه‌م هۆڵه‌ داخراوه‌ بكه‌ن.

مۆزەخانەى مۆم یەکێکى ترە لە بەشە سەرەکیەکانى ئەم پرۆژەیە کە ئاستى لەیەکچوونى کەسایەتیەکانى نێو ئەم مۆزەخانەیە لە کەسایەتیەکان خۆیان تائاستێکى زۆر لەیەک دەچێت و ئەوەشى ئەم مۆزەخانەیە لە هەموو مۆزەخانەکانى ترى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست جیادەکاتەوە ئەوەیە کەسایەتیەکانى لە مادەى سلیکۆن دروستکراون نەک مۆم ئەمەش یارمەتى مانەوەى پەیکەرەکان بۆ ماوەیەکى درێژخایەن دەدات بەبێ ئەوەى هیچ تێکچونێک بەسەر شێوەى کەسایەتییەکاندا بێت.

لە نێو پرۆژەکەدا تەلەفریک هەیە کە رەنگە ئەمە دیارترین و گرنگترین بەشى پرۆژەکە بێت بەو پێیەى لەسەر لوتکەى شاخى کۆیژەوە بۆ سەر شەقامى شەست مەترى شارى سلێمانى درێژ دەبێتەوە و ئەم پرۆژەیەش لە لایەن کۆمپانیاى (دۆپلمایەر)ى ئەڵمانییەوە سەرپەرشتى دروستکردنى دەکرێت کە گەورەترین کۆمپانیاى ئەم بوارەیە و لەسەدا 65ى تەلەفریکەکانى جیهان لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە جێبەجێ کراون.

پێشبینى دەکرێت دواى تەواوبوونى کۆى پرۆژەکە و لەماوەیەکى کورتدا بایەخێکى گەشتیاریى بەهێز لەپاڵ بایەخە کلتوریى و مرۆییەکەى بۆ شارى سلێمانى دروست بکات و لەمەوداى دوریشدا گرنگیەکى سیاسى و ئابورى بەهێز بۆ شارى سلێمانى هەم لەسەر ئاستى کوردستان و هەم لەسەر ئاستى عێراقدا دروست بکات.

دروستکردنى (شارى چاڤى گەشتیاریى) وەک یەکێک لەگەورەترین پرۆژە گەشتیارییەکانى خۆرهەڵاتى ناوەڕاست لەشارى سلێمانى، ماناى بوونى ژمارەى پێوانەییە لەم شارەدا.

ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆى ناساندنى شارى سلێمانى و کوردستان و لایەنە گەشتیاریى و کەلەپوریى و شوێنەوارییەکان بەعێراق و دەرەوەى عێراق.

هەروەک دەبێتە هۆى راگێشانى گەشتیارێکى زۆر لەسەرجەم ناوچەکانى کوردستان و عێراق و وڵاتانى ناوچەکە بۆ شارى سلێمانى و دواتریش بۆ کوردستان لەرێگەى دروستکردنى گروپ گەشت و دەلیلى گەشتیاریى لەلایەن (کۆمپانیاى نالیا)وە بۆ سەرجەم شارە جیاوازەکانى کوردستان.

سەرکەوتنى پرۆژەکە دەبێتە مایەى زیاتر هاندانى حکومەت و وەبەرهێنان بەئەنجامدانى پرۆژەى جۆراوجۆر لەشارەکەدا، هەروەها دەبێتە مایەى باشکردنى لایەنى مادى دانیشتووانى شارى سلێمانى.